بەپێی پێوانە فەلەکییەکان ڕۆژی هەینی 31 ـی جۆزەردانی 2719 - 21 ـی حوزەیرانی 2019 کاتژمێر 20:24 بەکاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەستپێکی زانستیی وەرزی هاوینە لە نیوەگۆی باکووری زەوی کە ناسراوە بە دیاردەی «هەڵگەڕانەوەی هاوینە - Summer Solstice».
لەو ڕۆژەدا ماوەی ڕۆژ درێژ دەبێتەوە بۆ نزیکەی 15 کاتژمێر و شەویش کورت دەبێتەوە بۆ نزیکەی 9 کاتژمێر. هەروەها لەو ڕۆژەدا ماوەی نێوان زەوی و خۆر، زۆرە نەوەک کەم و دووریی نێوان زەوی و خۆر هەر بەرەو زیادبوون دەچێ تا دەگاتە «دوورترین خاڵ یان Aphelion» و کە لە ڕۆژی 04 ـی 07 ـی 2019 دەگاتە 152 ملیۆن و 104 هەزار و 285 کیلۆمەتر.
هۆکاری گەرمبوونی نیوەگۆی زەوی سەرەڕای دوورکەوتنەوەی لە خۆر، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە وا ئاستی خولانەوەی تەوەری زەوی بەڕێژەی 23.5 پلە لارە لەسەر خولگەکەی بەدەوری خۆر و خزانی تیشکی ستوونیی خۆر لە «هێڵی کەمەری» ـی زەوی بۆ خۆلگەی «قڕژاڵ» لە باکووردا، هەر ئەم ستوونبوونەی تیشکی خۆر وا دەکات پلەکانی گەرما لە نیوەگۆی باکوور زیاتر بێت و ماوەی مانەوی خۆر لە ئاسماندا دوور و درێژتر بێت و لە هەمان کاتدا خۆر بەبەردەوامی و بۆ ماوەی نزیکەی 6 مانگ لە ناوچەکانی جەمسەری بەستووی باکووردا ئاوا نەبێت.
بەڵام لە هەمان کات و ڕۆژدا لە نیوگۆی باشووردا حاڵەتەکە بەتەواوی پێچەوانەیە، چونکە تیشکی خۆر سەر دەکەوێت لە «خولگەی کاوڕ» بۆ «هێڵی کەمەریی زەوی»، بەمەش بڕێکی کەمتر لە تیشکی خۆر بەبەر نیوەگۆی باشووری زەوی دەکەوێت، بۆیە لە نیوەگۆی باشوور ئەمە دەبێتە «هەڵگەڕانەوەی زستانە - Winter Solstice». واتە دەستپێکی زستانە لەو ناوچانەدا و لە هەمان کاتیشدا تیشکی خۆر بۆ ماوەی شەش مانگ لە ئاسمانی «کیشوەری بەستووی باشوور - ANTARCTICA» نابینرێت و دەبێتە شەوێکی شەش مانگیی دوورودرێژی بەردەوام.
لە کۆتاییدا هاوینێکی فێنکتان بۆ ئاواتەخوازم.
برچسب:
نویسنده: نگار زمانی