کەشتیی ڤۆیجێری 2 لە مانگی ڕابردوو لە گەشتێکدا بۆ هەتاهەتایە کۆمەڵەی خۆری جێ هێشت. ڤۆیجێری 2 بۆ دەیان و بگرە سەدان ملیۆن ساڵی تر لە گەشتەکەی بەردەوام دەبێت. لەوانەیە دوای لەناوچوونی مرۆڤایەتیش وەکوو جێپەنجەیەکی مرۆڤ لە گەردووندا هەر بمێنێت.

کەشتیی ڤۆیجێری 2 چوارەمین دروستکراوی دەستی مرۆڤە بگاتە لێواری کۆمەڵەی خۆر و ئەوەندە لە ئێمە دوور کەوتبێتەوە. ئێستا بەرەو قووڵاییی بۆشاییی ئاسمانی نێوان ئەستێرەکانی ڕێی کاکێشان دەڕوات.
لە ڕێکەوتی 20 ـی ئابی ساڵی 1977 ئاژانسی ناسا کەشتیی ڤۆیجێری 2 ـی هەڵدا بۆ بۆشاییی ئاسمان. تەنیا 16 ڕۆژ دوای هەڵدانی ڤۆیجێری 1. مەبەستی یەکەم و سەرەکی لە هەڵدانی ڤۆیجێری 2 بریتی بوو لە نزیکبوونەوە و پشکنینی هەر چوار هەسارە گازییە گەورەکەی کۆمەڵەی خۆر کە بریتین لە: جوپیتەر، زوحەل، ئۆڕانۆس و نیپتۆن. ڤۆیجێری 2 تاکە کەشتی بوو کە لە یەک گەشتدا بتوانێت لە هەر چواریان نزیک بێتەوە و وێنەیان بگرێت و پێوانەکانیان تۆمار بکات.
ڤۆیجێری 2 لە ڕێکەوتی 2 ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 1989 دوای تەواوبوونی پشکنینی هەسارەی نیپتۆن بەرەو دەرەوەی کۆمەڵەی خۆر بەڕێ کەوت بەخێراییی نزیکەی 55 هەزار کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بە سوودوەرگرتن لە هێزی کێشکردنی هەسارەی نیپتۆن. لە ڕێکەوتی 5 ـی نۆڤێمبەری ساڵی 2018 گەیشتە سەرەتای لێواری دەرەوەی بۆشاییی ئاسمانی کۆمەڵەی خۆر. گەشتەکە ئێستا تاوەکوو ئەمڕۆ 13 ـی دیسێمبەر لە ڕۆژی هەڵدانییەوە 41 ساڵ و سێ مانگ و 23 ڕۆژی پێ چووە. دوورییەکەی لە گۆی زەوی لە ئێستادا نزیکەی 17 ملیار و 800 ملیۆن کیلۆمەترە، ئەمەش نزیکەی 119 ئەوەندەی دووریی نێوان خۆر و گۆی زەوییە. بەم نزیکەیەش ئەو دوورییە دەکاتە پتر لە 46 هەزار ئەوەندەی دووریی مانگ لە گۆی زەوی.
کەشتیی ڤۆیجێری 2 دوای نزیکەی 296 هەزار ساڵی تر نزیک دەبێتەوە لە ئەستێرەی گەلاوێژ «Sirius» و بە تەنیشتیدا دەڕوات کە نزیکەی هەشت ساڵی تیشکی دوورە، ئەو کاتەی دوور نییە ڕەگەزی مرۆڤ لەناو چووبێت. دوایی بۆ دەیان و سەدان ملیۆن ساڵی تر دوای ئەوە بەردەوام دەبێت لە گەشتەکەی بەرەو قوڵاییی گەلەئەستێرەی ڕێی کاکێشان و دەبێتە جێپەنجەیەکی تری مرۆڤایەتی لە گەردووندا.
کەشتیی ڤۆیجێری 2 لەبەر دووریی لە خۆر هەر لە سەرەتاوە وزەی پێویستی بەرهەم دەهێنا لە ڕێگەی سێ وێستگۆکەی ناوکیی زۆر بچووک لەسەر کەشتییەکە کە بە پلۆتۆنیۆم کاریان دەکرد. بە هەرسێکیان نزیکەی 470 وات لە وزەی کارەبایان دروست دەکرد بۆ کارپێکردنی ئامێرەکان و ناردنەوەی وێنەکان و زانیارییەکان. هەموو ئەو زانیارییانە لە ڕێگەی شەپۆڵی کارۆموگناتیسی دەنێردرێنەوە بەهۆی ئەنتێنایەک کە تیرەکەی 3.7 مەترە و بەردەوام ڕووی لە گۆی زەوییە. زانیارییەکان لە ڕێگەی تۆڕی ناسا بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ قوڵاییی ئاسمان وەردەگیرێت «NASA Deep Space Network» کە لە سێ تەلەسکۆپی ڕادیۆییی زۆر گەورە پێک دێت لە ئوستڕالیا و ئیسپانیا و ئەمەریکا بۆ ئەوەی لە هەموو کاتێکدا یەکێکیان بتوانن ڕوویان لە ڤۆیجێری 2 بێت و زانیارییەکان وەربگرن.
ئاژانسی ناسا تاوەکوو ساڵی 2025 دەتوانێت هەندێک زانیاریی سنوردار وەربگرێت لە ڤۆیجێری 2. ئەو کاتە بۆ هەتاهەتایە لەبەر نەمانی وزەی پێویست دەکوژێتەوە و پەیوەندیی لەگەڵ مرۆڤایەتی دەپچڕێت، بەڵام لەبەر ئەوەی هیچ هێزێکی ئەوتۆ نییە کاری تێ بکات ئەوا بەردەوام دەبێت لە گەشتەکەی بۆ دەیان و سەدان ملیۆن ساڵی داهاتوو. کەس نازانێت تا کەی. چونکە لەوانەیە زووتر ڕاو بکرێت لەلایەن بوونەوەرە زیرەکەکانی تری گالاکسیەکەمان! کاتێک لەوانەیە مرۆڤایەتی هەر نەمابێت و بووبێتە مێژوو.
پێشتر هەرسێ کەشتیی ڤۆیجێری 1، پایۆنیر 1 و 2 ـش لەلایەن ئاژانسی ناساوە بەرەو دەرەوەی کۆمەڵەی خۆر و قوڵاییی گالاکسییەکەمان نێردران، بەڵام هەریەکە بە ئاڕاستەیەکی جیاواز.
برچسب:
نویسنده: نگار زمانی