جارێ با پێناسەیەکی کورتی گەلەستێرەتان بۆ بکەم کە بە ئینگلیزی پێی دەوترێت «گالاکسی - Galaxy».
گەلەستێرە یەکەکی گەردوونییە کە لە کۆمەڵێکی ئێجگار زۆر لە ئەستێرە پێک دێت کە بەیەکەوە لەگەڵ ئەو تانە هایدرۆجینانەی نێوانیان «Nebula» و هەر بارستەیەک کە دەکەوێتە نێوان ئەستێرەکان لەگەڵ بارستە و وزەی تاریک «Dark Matter & Dark Energy» هەموویان پێکەوە بەهۆی هێزی کێشکردنی نێوانیان لە یەکتر نزیکن بەراورد بە دوورییەکانی گەردوون و یەک تۆپەڵ بارستەی زۆر گەورە پێک دێنن، بەو یەکەیە دەوترێت گەلەستێرە یان گالاکسی.
لە هەموو گەردوونی بینراودا واتە ئەوەی تاوەکوو ئێستا دۆزراوەتەوە و بینراوە و چاودێری کراوە لەلایەن ئاژانسی ناسا لە ڕێگەی تەلەسکۆپەکان بەتایبەتی تەلەسکۆپی هابل پتر لە 100 ملیار گەلەستێرە هەیە. یەکملیار بە ئینگلیزی واتە One Billion ئەویش دەکاتە هەزارملیۆن «1,000,000,000».
گەلەستێرەی کۆمەڵەی خۆر کە ئێمەی تێدایە پێی دەوترێت ڕێی کاکێشان «Milky Way». بەپێی نوێترین زانیاریی ئاژانسی ناسا 200 ملیار تاوەکوو 400 ملیار ئەستیرە لە ڕێی کاکێشاندا هەن کە خۆری ئێمە یەکێکە لەو ئەستێرانە. تەلەسکۆپی هابل و شاندرا و کێپلەر دەریان خست کە هەندێک لە ئەستیرەکان لە گەلەستێرەی ڕێی کاکێشان هەسارەیان هەیە وەکوو خۆری ئێمە کە 8 هەسارە و 6 قەزەمەهەسارەی هەیە. پلوتۆ ئێستا بە هەسارە دانانرێت و بە قەزەمەهەسارە دادەنرێت.
گەلەستێرەکان زۆربەیان لە شێوەی دیسکی، لوولپێچ، هێلکەیی یان خڕن. قەبارەکانیان جیاوازە. گەلەستێرەی ڕێی کا کێشان کە ئێمە تێدایە، تیرەکەی پترە لە 100 هەزار ساڵی تیشکی. ئەویش ئەو دوورییەیە کە تیشک بە 100 هەزار ساڵ دەیبڕێت. تیشک بە نزیکەی یەک چرکە دەگاتە مانگ، بە هەشت خولەک دەگاتە خۆر، بە چوار ساڵ و نیو دەگاتە نزیکترین ئەستێرە لە ئێمە.
ئێستا دەرکەوتووە کونەڕەشێکی زۆر زەبەلاح یان کۆمەڵێک کونی ڕەش لە چەقی هەموو گالاکسییە لوولپێچەکاندا هەیە. یەکێک لە چەقی گەلەستێرەی ڕێی کاکێشاندا هەیە کە کۆمەڵەی خۆری تێدایە و پێی دەوترێت ساگیتاریۆس ئەی «Sagitarius A» و بارستایییەکەی پترە لە 4 ملیۆن ئەوەندەی بارستاییی خۆر. بەهۆی هێزی کێشکردنەکەشی کە ئەوەندە زۆرە هەموو گەلەستێرەی ڕێی کاکێشان بەدەوریدا دەسوڕێتەوە.

وێنەکەی سەرەوە گەلەستێرەی ئەندرۆمیدایە کە نزیکەی 2 ملیۆن و 500 هەزار ساڵی تیشکی لە ئێمەوە دوورە، بەڵام هێشتا بە نزیکترین گەلەستێرەی گەورە دادەنرێت لە ئێمە. قەبارە و ژمارەی ئەستێرەکانی دوو ئەوەندەی گەلەستێرەی ڕێی کاکێشانە. وێنەکەی خوارەوەش بەشێکی زۆر زۆر بچووکی ئەندرۆمیدایە کە لە ڕێگەی تەلەسکۆپی هابلەوە زووم کراوە. تەماشای چڕیی ئەستێرەکان بکەن لەناو ئەندرۆمیدادا. زۆر سەرسووڕهێنەرە.

برچسب:
نویسنده: نگار زمانی