هەسارەی ڤینۆس لە دوای مانگ بە درەوشاوەترین تەنی ئاسمان دادەنرێت لە شەودا. هەروەها بە نزیکترین هەسارە دادەنرێت لە گۆی زەوی. لە کاتی سووڕانەوەیدا بەدەوری خۆر کاتێک نزیک دەبێتەوە لە گۆی زەوی کەمترین دووریی نێوانیان دەگاتە نزیکەی 40 ملیۆن کیلۆمەتر. ڤینۆس لەگەڵ ئەوەی هەسارەیە و ئەستێرە نییە بەڵام لە کۆنەوە لەناو خەڵک بە ئەستێرەی بەیانیان و ئێواران دەناسرێت چونکە نزیکەی 9 مانگ بەرەبەیانیان و پێش خۆرهەڵات دەبینرێت و دوای ئەو ماوەیەش ئێواران دوای ڕۆژاوابوون دەبینرێت بە هەمان شێوە بۆ نزیکەی 9 مانگ.
دووریی هەسارەی ڤینۆس لە خۆر 109 ملیۆن کیلۆمەترە و دووەم هەسارەیە لە ڕووی دووریی لە خۆر. بە 225 ڕۆژ جارێک بە دەوری خۆردا دەسووڕێتەوە؛ واتە ساڵێکی ڤینۆس 225 ڕۆژە. ئەوەی دەگمەن و سەیرە لە هەسارەی ڤینۆس لەسەرخۆبوونی سووڕانەوەکەیەتی بەدەوری خۆیدا، چونکە لە 243 ڕۆژدا جارێک بەدەوری خۆیدا دەخولێتەوە؛ واتە ئەگەر لەسەر ڤینۆس بیت شەو و ڕۆژێکی لە ساڵێکی زیاترە، شەو و ڕۆژێکی 243 ڕۆژی سەر زەوییە.
قەبارەی ڤینۆس زۆر لە قەبارەی زەوییەوە نزیکە، تیرەکەی 12,103 کیلۆمەترە (تیرەی زەوی 12,740 کیلۆمەترە). ڤینۆس کەشوهەوایەکی زۆر سەختی هەیە و لە کەشی ناو مەنجەڵێکی هەڵمی دەچێت و زۆر گەرمە، زۆرترین پلەی گەرمی لەسەر ڤینۆس دەگاتە 462 پلەی سەدی و بە گەرمترین هەسارەی کۆمەڵەی خۆر دادەنرێت.
هۆکاری سەرەکی جگە لە نزیکیی لە خۆر ئەوەیە کە 96.5 % ـی بەرگەهەواکەی لە گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن پێک دێت و ئەم گازە دیاردەی شوشەی پلاستیکی Green House دروست دەکات و بۆتە هۆی قەتیسبوونی گەرمییەکی زۆری خۆر لەناو بەرگەهەواکەی، ئەوەی دەمێنێتەوە لە گازی نایترۆجین پێک دێت کە ڕێژەکەی لە 3.5 % پێک دێت.
ئاژانسی ناسا لە ساڵی 1962 کەشتیی مارینەر - 2 ـی نارد بۆ هەسارەی ڤینۆس و ماوەیەک بەدەوری ئەو هەسارەیە سووڕایەوە و دوایی بەری دایەوە سەر ڕووی هەسارەکە، لە دوای ئەوە ناسا کۆمەڵێک کەشتیی تری ناردووە بۆ هەسارەی ڤینۆس لەوانە ڤێگا، گالیلۆ، ماجەلان، هەروەها یەکێتیی سۆڤییەتیش لە حەفتاکان کۆمەڵێک کەشتیی نارد بە ناوەکانی ڤێنێرا 4، 5، 9، 10، 13، 14...
ئاژانسی ناسا لە ساڵی 2016 ڕەزامەندیی دا لەسەر دروستکردنی کەشتییەکی تایبەت کە دوای چەند ساڵێکی تر دەینێرێت بۆ ڤینۆس و دەبێتە یەکەم کەشتی لەسەر ڕووەکەی بنیشێتەوە و کار بکات، ئەم کەشتییە دەتوانێت بەرگەی کەشوهەوا سەختەکەی ڤینۆس بگرێت بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بۆ ئەوەی زانیاریی وردتر لەسەر ئەو هەسارە کۆ بکاتەوە.
برچسب:
نویسنده: نگار زمانی