سەفەر بە بەلەمێکی ڕزیو لەسەر ئوقیانووسدا فەزای بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی گەورە لەگەڵ خۆمدا ئافراندبوو -لێرەدا جەوهەری بوونی من دەیتوانی خۆی وەدەرخات- لێرەدا بوو کە دەمتوانی ڕۆحی خۆم بخەمە ژێر پرسیار و بەم جۆرە خۆم ڕووت بکەمەوە.
گەلۆ مرۆڤ ئەو شتەیە کە خۆی پێی وایە ئەوە؟
گەلۆ مرۆڤ ڕەنگدانەوەی ئەو گریمانانەیە کە هەیەتی؟
گەلۆ مرۆڤ بوێرە؟
ئەوانە پرسیارگەلی هەمیشەیی بوون. ئێستا کەوتبوومەوە بەردەم تاقیکردنەوەی ئوقیانووس کە دیسانیش ئەم پرسیارانەی ئاراستە دەکردمەوە. ساڵانێکی دوورودرێژ بوو ئەم پرسیارانە زەینیان داگیر کردبووم. هەر ئەم پرسیارانەش بوون کە دواجار هەڵیان داشتمە ئەو سەری گۆی زەوی، هەڵیان داشتمە ناو ئوقیانووس، ئوقیانووسێک کە پێشتر تەنیا لە کتێبە دەرسییەکانی جۆغرافیادا بینیبووم.
ساڵانێکی زۆر بیرم لە چیاکان دەکردەوە
ساڵانێکی زۆر بیرم لە شەڕ دژی ئەوانە دەکردەوە کە نیشتمانی کوردانیان داگیر کردبوو
شەڕ دژی ئەوانەی کە کوردستانیان لەناو خۆیاندا دابەش کردبوو
داگیرکارییەک کە فەرهەنگێکی دێرینی خاپوور کردووە
هێرشێک کە هەموو شتە بایخدارە فەرهەنگییەکانی کوردی لەناو بردووە
هێڕشێک کە هەر شتێکی جێی ڕێزی کوردانی تێک داوە و
هەموو پێویستییەکانی مانەوەی ناسنامەی کوردانی تەفروتونا کردووە
کاتێک گەنج بووم دەمویست ببمە پێشمەرەگە. دەمویست دوور لە شار بژیم. دەمویست ڕوو لە چیاکان کەم و لەوێ درێژە بە ژیان بدەم و بەشداری شەڕ بم. زۆر جاران تا ئاستی شۆڕشێک و هەڵچوونێکی گەورە دەچوومە پێش، بەڵام هەموو جارێ شتێکی وەک ترس بە بیانوی بیری ئاشتیخوازانە پێشی پێ دەگرتم. زۆر جاران هەتا داوێنی چیا بەرزەکانی کوردستان دەچووم، بەڵام دیسانەوە بیری خەباتی مەدەنی و ئاشتیخوازانە و فەرهەنگی دەیانهێنامەوە شارەکان و قەڵەمیان وەدەست دەدامەوە.
ساڵانێکی زۆر بیرم لەوە دەکردەوە پەنا بۆ چیاکان بەرم و چەک هەڵگرم و لەگەڵ کەسانێک کە لە قەڵەم تێ ناگەن بە زمانی خۆیان بدوێم. بەڵام هەموو جارێ کە بیرم لە گەورەیی و گرنگیی قەڵەم دەکردەوە ئەژنۆم شل دەبوونەوە. ئێستاش کە ئێستایە نازانم ئەوە لەبەر ڕۆحی ئاشتیخوازیم بوو یان لەبەر ترسەنۆکیم. هێشتا نازانم گەلۆ لە شەڕکردن لە چیاکان و چەک دەترسام یان باوەڕم وا بوو کە ڕێگای ڕزگاریی کوردستان لە لوولەی تفەنگدا نییە؟ ئەم پرسیارە بە فکرێکی تر لە زەینمدا بەردەوام دەبوو و دەمگوت ڕەنگە من مرۆڤێکی ترسەنۆکم و هەر ئەو ترسەش بوو کە دەبووە هۆی پاساودانی ئاشتی و بایەخی قەڵەم و خەباتی فەرهەنگی.
بەڵام من پێم وایە کە ئەندێشەکانی ئێمە تەنیا لە مەیدانی کردەوەدا لە مەحەک دەدرێن. تەنیا کەسێک کە بەقووڵی بیری لە مەرگ کردبێتەوە، لە مەرگ ناترسێت. ئەندێشەکان زەمانێک ئەندێشەی ڕاستەقینەن کە بووبن بە بەشێک لە ئێمە، نەک ئەوەی کە لە گۆشەیەک و لە خەڵوەتی خۆماندا بێ هیچ کەڵکەڵەیەکی زەینی دانیشین و پێمان وا بێت بیر لە چەمکێکی گەورەی وەک مەرگ یان ژیان دەکەینەوە.
تەنیا کاتێک ڕووبەڕووی مەرگ و ترس دەبینەوە
کاتێک دژی مەرگ و ترس شەڕ دەکەین
دەبینە خاوەنی تێگەیشتنێکی قووڵ لەو چەمکانەدا
ئوقیانووس ئەم دەرفەتانەی بۆ من ڕەخساند
ئوقیانووس منی خستە بەردەم نزیکترین پێوەندیی مومکین لەگەڵ مەرگ و ترس
وەک شەڕەشاخی دوو بەرانی کێوی
یان وەک کوتکێکی قورس لەسەر ڕەقاییی پارچەئاسنێک
برچسب:
نویسنده: نگار زمانی